خانوه‌ كۆنەكانی سلێمانى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچووندان

 15
خانوه‌ كۆنەكانی سلێمانى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچووندان

شارى سلێمانى یەكێكە لە شارە جوان و بەرچاوەكانی ناوچەكە و لە ڕووی شوێنەوارییەوە چه‌ندین گه‌ڕه‌كى مێژوویى له‌خۆ گرتووه‌، به‌تایبه‌تى گه‌ڕه‌كه‌كانى سابوونكه‌ران، جوله‌كان، شێخان و مه‌ڵكه‌ندى.

ئێستاش له‌نێو گه‌ڕه‌كە كۆنەكانی شارەكەدا، ژماره‌یه‌ك كۆنە كۆڵانى باریكەلە و چه‌ندین خانووى كلاسیكی ماون، كه‌ مۆركى شارى سلێمانییان پێوه‌دیاره‌ و مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانى 1890، به‌ڵام ئێستە خانووه‌ دێرینه‌كانى سلێمانى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچووندان.

عیرفان عوسمان سه‌رۆكى ڕێكخراوى بووژانه‌وه‌ى كه‌له‌پوورى كورد و به‌ڕێوەبه‌رى مۆزه‌خانه‌ى كه‌له‌پورى كورد له‌ شارى سلێمانى لەبارەی خانوه‌ كلاسیكیه‌كانى شارى سلێمانییەوە ده‌ڵێ "له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا 106 خانووى كه‌له‌پوورى دڵگیر له‌ شارى سلێمانى هه‌بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستە ته‌نها 70 خانوو وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانى دیكه‌ له‌لایه‌ن بازرگانه‌كانه‌وه‌ كراون به‌ گه‌راج و ته‌لارى گه‌وره‌".

هه‌روه‌ها دەڵێ له‌و 106 خانووه‌دا له‌ سه‌رده‌مى كابینه‌ى پێنجه‌م 17 خانووی كه‌له‌پوورى كڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ سلێمانى. له‌م 17 خانووه‌شدا پێنج خانوو نۆژه‌ن كراونه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌و خانوانه‌ش ئۆتێل فه‌ره‌حه‌ و كراوه‌ به‌ مۆزه‌خانه‌ى كه‌لەپوورى كوردی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خانوه‌كه‌ى كه‌ریمى عه‌له‌كه‌ هه‌یه‌، كە ڕووبه‌ره‌كه‌ى 1010 مه‌تره‌ و كارێزى ئاوى تێدایه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كى سابوونكه‌رانه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌ویش هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونى له‌سه‌ره‌.

گوتیشى "وڵاتانى دنیا به‌ كه‌له‌پووى خۆیان ده‌ناسرێنه‌وه‌، بێگومان هه‌ر میلله‌تێك كه‌له‌پوورى خۆى نه‌بێت به‌ میله‌تێكى زیندوو هه‌ژمار ناكرێت، به‌داخه‌وه‌ خانوه‌ كه‌له‌پوورییه‌كانى شارى سلێمانى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچووندان، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاوڕ له‌ كه‌له‌پورى شاره‌كانى كوردستان بداته‌وه‌، سلێمانى مۆركه‌ كه‌له‌پورییه‌كه‌ى جارانى نه‌ماوه‌، كاتى خۆى له‌ سلێمانى خانوو به‌خشت دروست ده‌كرا، خشتى ئه‌وكاته‌ قسڵى تێدابوو، ئه‌و قسڵه‌ جوله‌كه‌كانى شارى سلێمانى له‌ كوره‌كانى تانجه‌رۆ و قلیاسان دروستیان ده‌كرد، ئه‌وه‌ش یادگارى ئه‌م شاره‌ بوو، به‌ڵام ئێستە خه‌ڵك پشتى له‌ كه‌له‌پوورى خۆى كردووه‌ و به‌ڕووى دنیاى مۆدێرندا كراونه‌ته‌وه‌".

ئەو بەرپرسەی سلێمانی ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد "هه‌وڵى خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت ناچار بكه‌ین خانوه‌ كه‌له‌پوورییه‌كانى سلێمانى وه‌كو خۆیان بهێڵێتەوە و چیتر ڕێگه‌ نه‌دات ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى ئه‌م شاره‌ له‌به‌ر گیرفانى خۆیان، مێژووى ئه‌م شاره‌ بشێوێنن، هه‌روه‌ها كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئاینده‌ خه‌ڵكى ڕابهێنین به‌ شێوازى كه‌له‌پوورى خانوو دروست بكەن".

ئه‌مڕۆ 232 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنى شارى سلێمانى تێده‌په‌ڕێت، ئه‌گه‌رچى مێژوونووسان بۆچوونى جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنى شارى سلێمانى، به‌ڵام چوارده‌ى تشرینى دووه‌مى هه‌موو ساڵێك به‌ یادى دامه‌زراندى ئه‌و شاره‌ ناسراوه‌.